رۆژهەڵاتی کوردستان هاوشان لەگەڵ پارچەکانی تری نیشتمان، خەباتێکی لەمێژینە و بێ وچانی بۆ رزگاربوون له ژێردەستەیی و گەیشتن به مافە نەتەوەییەکانی دەست پێکردوە. له سەرەتای دەست پێکییەوە و به هۆی هەلومەرجی ئەو سەردەمه، بزوتنەوەکان لە لایەن شێخ و ئاغا و بەگ و سەرکرده ناوچەییەکانەوە، رێبەرایەتی دەکران و به شەهید بوون یان شکست خواردنی رێبەر و سەرکردەکان، ئەوا بزوتنەوەکەش توشی شکست و لەناو چوون دەبوو. بەڵام پاش دامەزراندنی کۆمەڵەی ژیانەوەی کوردستان " ژێ کاف "، کە دواتر جێی خۆی به حیزبی دیموکراتی کوردستاندا، بزوتنەوە رزگاری خوازانەی کورد له ئێران پێی نایه ناو قۆناغێکی نوێ و بەم شێوەیه خەباتی سەردەمیانەی حیزبی له رۆژهەڵاتی کوردستان له دایک بوو.
ئێستاکه زیاتر له 66 ساڵ بەسەر دامەزراندنی
یەکەمین حیزبی سیاسی له رۆژهەڵات تێپەڕ بووە و لەو ماوەیەدا زۆر حیزبی نوێ به
دامەزراندن و یانیش جودابوونەوە له حیزبێکی تر، پێیان ناوەتە ناو گۆڕەپانی سیاسی
رۆژهەڵاتی کوردستانەوە. به شێوەیەکی گشتی ئەو 16-17 حیزب و لایەنە سیاسیەی که
ئێستاکه بۆ رۆژهەڵات تێدەکۆشن، به پێشکەش کردنی خوێنی سەدان کادر و پێشمەرگه و سەرکردەی
لێ هاتوو، گڕ و تینێکی هەمیشەییان به بزوتنەوەی رزگاری خوازی کورد داوە و به زیندوو
ڕاگرتنی هەستی نەتەوایەتی و بەرپەچدانەوەی سیاسەتی تواندنەوەی فەرهەنگی کورد که لە
لایەن دەوڵەته یەک لەدوای یەکەکانی ئێرانەوە پەیرەو دەکرێت، گەورەترین خزمەتیان
پێشکەش کردوە.
بەڵام سەرەڕای ئەمانەش، زۆری و بۆری حیزبەکان
و جیاوازی تێڕوانینیان بۆ روداو و پێشهاتەکانی پەیوەنددار به کوردستان، بوەته هۆی
چەند دەستە بوونی خەڵک و لاوازکردنی دەنگ و سەنگی کورد و خەباتە ڕەواکەی لەم
پارچەیەدا.
هەر بەو هۆیەوە، چەند ساڵێکه ئەو حیزبانه
روبەروی رەخنه و گلەییەکی زۆری خەڵکی رۆژهەڵات کوردستان بەتایبەت توێژی روناکبیران
بونەتەوە و کار گەیشتۆته جێگایەک که بیر له جێگرەوەیەک (بەدیل) ی غەیرە حیزبی بۆ
چارەسەر کردنی پرسی کورد له رۆژهەڵاتی کوردستان، بکردرێتەوە.
ئێستاکه دەنگی نارەزایەتی تا ئاستێک تەشەنەی
سەندوە که هاواری ئەندامان و لایەنگرانی ئەو حیزبانەش دەر هاتوە و خوازیارین که
حیزبەکانی رۆژهەڵات هەرچی زوتر پێداچوونەوە بەسەر بەرنامه و سیاسەتەکانیاندا بکەن.
بەڵام ئەوەی لێرەدا شایانی تێڕامان و
هەڵوێسته لەسەر کردنه، ئەو خەمساردییەیه که لە لایەن ئەندامانی سەرکردایەتی ئەو
حیزبانەوە بەدی دەکردرێت. سەرکردایەتی سەرجەم حیزبەکان، ساڵانێکه به بێ ئەوەیکه
هیچ هەنگاوێکی پێویست بۆ دروست بوونی بەرەی یەکگرتووی کوردی بهاوێن، له نوسین و
وتارەکانیاندا بەردەوام باس له گرنگی و زەرورەتی دروست بونی ئەو بەرەیه دەکەن و
هەر یەکەو خۆیان به دامەزرێنەری بیرۆکەی پیک هێنانی بەرەی یەکگرتووی کوردی دەزانن
و پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکه به کەمتەرخەمی و ریگری کردن لەبەردەم دروست
بوونی بەرەی کوردی دەزانن.
سەرەکی ترین بەربەست لە بەردەم دروست بوونی
بەرەی یەکگرتووی کورد "بەرەی کوردستان" ی له رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ خۆ
ویستی و حیزب دۆستی سەرکردایەتی حیزبەکانی رۆژهەڵات دەگەرێتەوە. ئەوان هەریەکەو بەبێ
رەچاو کردنی پێگه و جیگەی راستەقینەی خۆیان لەناو کۆمەڵگادا، خۆیان و حیزبەکەیان
وەک نوێنەری راستەقینەی خەڵکی رۆژهەڵات دەبینن و هەر بۆیەش هەر ئاڵوگۆڕ و
گۆرانکارییەک که لە دەرەوەی دەستتێوەردانی خۆیان و لە لایەن هێزێکی ترەوە پێشنیار
بکردرێت یان بێتەدی رەد دەکەنەوە و تەنانەت هەوڵی پوچەڵکردنەوە و لەناو بردنیشی
دەدەن!
هەر لەو ماوەیەدا بوو که دیتمان نوێنەرانی
خەباتی رۆژهەڵات، به دوو روانگەی جیاوازی بەشداری کردن یان نەکردن، پێشوازیان له ئیجلاسی
هەمبەستگی ئازادی ئێران له کۆڵنی ئاڵمان کرد. هەر وەها لە کاتێکدا سەرجەم حیزب و
لایەنە سیاسیەکان بەشداری کردن له هەڵبژاردنی مەجلیسی شورای ئیسلامیان تەحریم کرد،
ئەو بوێرەیان نەبوو بە یەکەوە بەیاننامەیەکی هاوبەش بۆ رای گشتی خەڵکی کوردستان
بڵاو بکەنەوە. چون بەداخەوە هەموو خولیای ئەوەن که بڵین ئەوە ئەمەین که
کاریگەریمان بەسەر بریارەکانی خەڵکەوە هەیه و له دیاریکردنی چارەنووسیان
کاریگەرین!
لێرەوە جاریکی تر به سەرکردایەتی زێده هێژای
حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان رادەگەیەنم که ئەگەر بەرژەوەندی نەتەوەییتان له بەرژەوەندی
بەرتەسکی حیزبی پێ گرنگتره، ئەگه رێز له کورد و شەهیدانی رێگای رزگاری نیشتمانتان
دەگرن، ئەگە له غەزەب و تورەیی خەڵکی سەبوری رۆژهەڵات دەترسن، دروشمی بریقەدار و
هەڵخەڵەتێنەر وەلا بنێن و به جیددی کار بۆ پێک هێنانی هاوکاری و کۆدەنگییەکی
گشتگیر و بەهێز بکەن و یەک بگرن و چیدی نیشتمانی پارچە کراومان پارچه پارچه مەکەن.
وەبیر سەرکردە ژیرەکانی حیزبگەلی رۆژهەڵات
دێنمەوە که مێژووی ڕەش و هەڵەکانی حیزبەکانی باشوور دوپات مەکەنەوە. پێش ئەوەیکه
ماڵی دوژمن ( کنگرە ملت های ایران فدرال و...) ئاوەدان بکەنەوە ئاوڕێک له ماڵە
خاپوورکراوەکەی کورد بدەنەوە. دەرس له پارتەکانی رۆژئاوای کوردستان وەربگرن و
چاوێک له یەکدەنگی کوردانی باکوور بکەن.
ئەی نوێنەرانی خەباتی رەوای رۆژهەڵات، ئێوە
ئەگەر بەراستی نوێنەری ئێمەن، لەسەرتان ئەرکه گوێڕایەڵی ویست و داواکانمان بن. بەو
هیوایەی لە لاپەرەکانی مێژووی کوردستاندا ناوتان به گەشی تۆمار بکردرێت و ئەو
ئەرکه مێژووییە به باشی تێپەرێنن.
به هیوای ئەو رۆژەی مزگێنی یەکدەنگی و
یەکبوونتان به خەڵکی خۆڕاگری رۆژهەلات و دایکی نیشتمان رابگەیێنن.
بژی کورد و کوردستان و هیوا و ئاواتمان
emnkurdm@yahoo.com
هیچ نظری موجود نیست:
ارسال یک نظر